ئومێد خۆشناو لەبارەی پشوی سێشەممە و ئامادەکارییەکانی لافاو رونکردنەوە دەدات
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە کۆبونەوەیان لەگەڵ دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان تەواوی ئامادەکارییەکانیان بۆ هاتنی شەپۆلی باران بارین کردوە، بە گوێرەی ئەو کار و بەرنامانەش بێت، پێویست ناکات سبەی پشو رابگەیەنرێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژی رابردو کۆبونەوەیەک لەگەڵ سەرجەم دامودەزگاکانی پارێزگای هەولێر ئەنجامدراوە و بە گوێرەی پێشبینییەکان بارانێکی چر دەبارێت، شەپۆلی ئەمجارەش ئەگەری هەیە لە 1:00ی دوای نیوەڕۆ دەستپێبکات و تاوەکو 6:00ی ئێوارە بەردەوام بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە و رێوشوێنانەی گیراونەتە بەر، پێشبینی دەکەن پێویست ناکات لەبەر هۆکاری شەپۆلی باران بارینی سبەینێ، پشو لە پارێزگای هەولێر رابگەیەنرێت.
ئەوەشی خستەڕو، هەمو ئەو رێکارانەی لە ماوەی دو ساڵی رابردوگیراوەتە بەر مەترسییەکانی لافاوی لە شاری هەولێر کەمکردوەتەوە، راستە هەندێک شوێن بەرامبەر بە لافاو لاوازن، هەوڵ دەدەن چارەسەری گرفتی ئەو شوێنانەش بکەن.
