جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان.. هەڵبژاردەی نیشتمانی گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی
لە جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان هەڵبژاردەی نیشتمانی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک شکستی بە سعودییە هێنا و گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی.
لە کۆتا یاری قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سعودییە رووبەرووی یەک بوونەوە.
لە گێمی یەکەم سەرەڕای ئەوەی تۆپ زیاتر لە پێی یاریزانانی سعودییە بوو بەڵام عێراقیەکان هێرشەکانیان مەترسیدارتر بوو، لە خولەکی یەکی زیادکراوی تایمەکەش عەلی جاسم بە لێدانی سزا عێراقی پێشخست.
لە گێمی دووەم پاش چەند خولەکێک لە دەستپێک ئەحمەد غامدی بە لێدانی سزا ئەنجامەکەی بۆ سعودییە یەکسانکردەوە بەڵام زۆری نەخایاند و لە خولەکی 63 مستەفت سەعدون گۆڵی دووەمی عێراقی تۆمارکرد و سەرەنجام یارییەکە بە دوو گۆڵ بە گۆڵێک لە بەرژەوەندی شێرەکانی رافیدەین کۆتایی پێهات.
بەم ئەنجامەش هەڵبژاردەی نیشتمانی خاڵەکانی بوون بە شەش خاڵ بە پلەی یەکەمی ریزبەندی سەرکەوتن بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی، سعودییەش کە هەر خاوەن شەش خاڵە بە پلەی دووەمی کۆمەڵەکە گەیشتە هەمان قۆناغ.
