سەرۆک وەزیران:حکومەت کار دەکات بۆ پەرەپێدانی ژینگەی وەبەرهێنان
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، ئەمڕۆ یەکشەممە لە شوێنی مانەوەی خۆی لە ڕیازی پایتەختی سعودیە پێشوازی کرد لە سەرۆکی کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیزی فەڕەنسی پاتریک بیۆنێ.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە لە میانەی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پڕۆژانە کرا کە لەلایەن کۆمپانیاکەوە جێبەجێکراون لە کەرتی وزە و کەرتەکانی دیکەی پەیوەست بە کەرتی وزەوە، بەتایبەتی لە کەرتی غازی هاوەڵ و نەوت و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر، سەرۆکی کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیز جەختی کردەوە کە کۆمپانیاکەیان هیوادارە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی کارەبا بە وزەی خۆر لە ساڵی داهاتوودا تەواو بکات و قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ لە هەمان ساڵدا تەواو بکات، بە توانای بەرهەمهێنانی 50 ملیۆن پێ سێجا لە وزەی دیزاینکراوی کە دەگاتە 300 ملیۆن پێ سێجا.
هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە تواناکانی سوود وەرگرتن لە ئاوی پڕۆژەکانی پاککردنەوەی ئاو کرا کە بڕیارە لە بەسرەوە دەست پێبکات، لەو پڕۆژە نەوتیانەی کە کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیز تێیاندا کار دەکات.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی سەرکەوتنی کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیز لە کارەکانیدا و حکومەت کار دەکات بۆ پەرەپێدانی ژینگەی وەبەرهێنان و باشترکردنی دۆخەکەی لەڕێگەی یاسای پاڵپشتی کراوە، ئەمە جگە لە ئەو گرنگییەی کە پڕۆژەکانی کۆمپانیاکە نوێنەرایەتی دەکەن بۆ عێراق .
