بزووتنەوەی گۆڕان: بە ڕاشکاوی وتومانە با هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت
یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەڕاشکاوی وتومانە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و لەمپەری لە بەردەمدا دروست نەکرێت، هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراسی پەکی نەکەوێت. وەک گۆڕان هیچ کات لەمپەر نەبوین لەبەردەم ئەم پرۆسەیە، بەڵکو ناکۆکی نێوان لایەنەکان هۆکار بووە لەبەردەم پرۆسەکەدا".
وتیشی: "جەخت لە هەڵوێستەکانی خۆمان دەکەینەوەو هیوادارین هیچ لەمپەرێک لەبەردەم هەڵبژاردن دروست نەکریت، بەڵام واقعی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەوەمان پێدەڵێت کە گرنگە سەقامگیری هەبێت ئینجا پرۆسەکە بەڕێوەبچێت".
سەرپەرشتیاری ژوورى هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، "ئەگەر بمانەوێت پرۆسەیەکی سەرکەوتوو لە هەرێم ئەنجام بدرێت پێویستە ڕەزامەندی هەموو لایەنەکانی لەسەر بێت".
شایەنی باسە، دوێنێ یەکشەممە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دوای بەشداریکردنی لە کۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کە سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ئامادەی بوو ڕایگەیاند، "گوێمان لێبوە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن دوادەخات بۆ مانگی دە، ئەمە بابەتێكی تەكنیكییە و لە دەسەڵاتی هەرێمدایە وادەی هەڵبژاردن دیاری بكات و كۆمسیۆنیش پەیوەست دەبێت".
