مەسرور بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی حکومەت و گەلی ئێران کرد بەبۆنەی کۆچی دوای ئیبراهیم رەئیسیەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی ڕێبەرایەتی، حکوومەت و خەڵکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات. دەشڵێت، "هاوخەمی و هاوپشتی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێران دووپات دەکەینەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرسەنامەیەکدا، سەرەخۆشی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بۆ کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکە کە لە ڕووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیان گیانیان لە دەستدا.
لە پرسەنامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاراستەی ڕێبەرایەتی و حکوومەت و خەڵکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین بۆ کۆچی دوایی سەرۆک کۆمار ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوە بەڕێز حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و هاوڕێکانیان".
مەسرور بارزانی دەڵێت، "لە خوای مەزن داواکارین گیانی خوالێخۆشبووان بخاتە بەر بەزەیی خۆی و سەبر و دڵنەواییش بە بنەماڵە و کەسوکار و خەڵکی ئێران بە گشتی ببەخشێت. لەم کاتە سەختەدا، هاوخەمی و هاوپشتی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێران دووپات دەکەینەوە".
