کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێی وانییە مەرگی سەرۆکی ئێران بۆشایی حکومڕانی لە وڵاتەکە دروستبکات
نەوید میهراوەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پێی وانییە مەرگی سەرۆکی ئێران و وەزیری دەرەوە بۆشایی حکومڕانی لە وڵاتەکە دروستبکات.
نەوید میهراوەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نەمانی ئیبراهیم رەئیسی زۆر کاریگەری نابێت لەسەر هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کورد و شۆڕشی کوردستاندا (ئێران ڕژیمێکی تۆتالیتارە)".
وتیشی: "هەرچەندە ئێران چەند کادر و بەرپرسی گرنگیان لەدەستدا، بەڵام دەتوانن کەسی تر هەمان ڕۆڵ بێنن و ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە".
دوێنێ یەکشەممە (19ـی ئایاری 2024)، هەریەک لە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و حسێن ئەمیر عەبدولڵاهیان وەزیری دەرەوە و مەحەممەد عەلی هاشم ئیمامی تەورێز و مالیک ڕەحمەتی پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و تیمێکی فڕۆکەوانی و بەرپرسی ئاسایش و یەکێک لە پاسەوانەکان لە میانی گەشتێکی فڕۆکەوانیدا بەرە و پارێزگای تەورێزی ئەو وڵاتە لە ئاسمانی ئەو وڵاتە دیارنەمان و سەرلەبەیانی ئەمرۆ حکومەتی ئێران مەرگی سەرجەم سەرنیشینانیان ڕاگەیاند.
