موقتەدا سەدڕ:ئەمریکا چاوی خۆی کوێر کردوە و گوێیەکانی کەڕکردوە بەرامبەر بەو کوشتارە بە کۆمەڵەی لە کەرتی غەززە دەکرێت
موقتەدا سەدر رایگەیاند، دیموکراسیەتی ئەمریکا هەڵخەڵەتێنەرە، چونکە رێگری لە جەنگ لە هەمو لایەنەکان دەکات جگە لە ئیسرائیل، ئەوەی پشتگوێخستنەی ئیسرائیل کردی بەرامبەر بە بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتوەکان، هەر وڵاتێکی دیکە بوایە بە تیرۆرست دەناسێنرا.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە لە وتارێکدا رایگەیاند، "ئیسرائیل بڕیاری نەتەوەیەکگرتوەکانی بەبەرچاو خەڵکی هەمو جیهان و هەمو دەوڵەتەکانەوە پشتگوێ خست، بە ئاشکرا ئاڵنگاری بەرامبەر بە دادگای نێودەوڵەتی نواند، ئەگەر دەسەڵاتدارێک یان دەوڵەتێکی دیکە هەمان کردەوەی ئەنجام بدایە ئەوا دنیایان بەسەردا دەڕوخاند و بە تیرۆر و دەستدرێژتکردنە سەر شەرعیەتی نێودەوڵەتی تۆمەتباریان دەکرد."
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەشکرد، "دیموکراسیەت و ئازادی ئەمریکا و کلکەکانی هەڵخەڵەتێنەرن و رێگری لە وڵاتانی دیکە دەکەن جەنگ هەڵبگیرسێنن بەڵام بۆ کچە نازدارەکەی خۆی کە مەبەستی ئیسرائیلە رێگەی پێدەدات، کەواتە ئەمە چ جۆرە دیموکراسیەت، ئازادی و لۆژیکێکە، بەڵکو تەنها خۆبەزلزانین و زوڵم و خوێن رشتنە."
ئەوەشی خستەڕو، "ئەمریکا چاوی خۆی کوێر کردوە و گوێیەکانی کەڕکردوە بەرامبەر بەو کوشتارە بە کۆمەڵەی لە کەرتی غەززە دەکرێت، لەلایەک بەرگری لە جولەدەکات و لەلایەکیش بەرگری لە هاورەگەزخوازی، بەڵام خۆی گێل دەکات لە توندڕەوی دژی ئاین و ئازادییەکانی دیکە."
