وەزیری ناوخۆی هەرێم: بە دڵنیاییەوە پارێزگاری کەرکووک کورد دەبێت
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ بەغدا سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو بوو.
دەشڵێت: لە بەغدا هەموو لایەنەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی بابەتی مووچە بەیەکجاری و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، بە دڵنیاییەوە ”پارێزگاری کەرکووک کورد دەبێت کە بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە لەگەڵ لایەنەکان لە گفتوگۆ داین، لە ئاییندەیەکی نزیکدا پارێزگارێک دیاری دەکەن کە بە دڵی هەمووان بێت".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو (30ـی ئایاری 2024) گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و ڕایگەیاند، "لە بەغدام بۆ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور". مەسرور بارزانی لەبارەی ئەم سەردانەی بۆ بەغدا دەشڵێت: دەبێت سەقامگیریی و ئابوورییەکی بەهێز کاری لەپێشینەمان بێت.
