گوندێک لەسنووری قەزای پێنجوێن بۆردوومان کراوە و بەوهۆیەوە ئاگرێکی فراوان لە ناوچەکە کەوتەوە
گوندێک لە ناحیەی ناڵپاریز لەسنووری قەزای پێنجوێن بۆردوومان کراوە و بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاگر لە دارستانەکانی دەوروبەری گوندەکە کەوتووەتەوە.
بەڕێوبەری ناحیەی ناڵپاریز لە قەزای پێنجوێن، هێمن ئیبراهیم ڕاگەیاند کە تۆپبارانەکە گوندی بەدانی کردۆتە ئامانج لەنزیکەی کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە.
ئەو ناوچەیەی بۆردوومانکراوه چۆڵیه و نزیکه لەگوندی بادانی و هیچ زیانێکی گیانی له بۆردوومانەکە نەبووە، بەڵام زیانی زۆری بە سروشت و دارستانەکانی ناوچەکە کەوتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز لە قەزای پێنجوێن گوتیشی: بۆردوومانەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە و خەڵکی گوندی بەدانا و دەوروبەری کۆنترۆڵی ئەو ئاگرەیان کردووە کە دارستانەکانی دەوروبەریان گرتەوە.
تا ئێستاش ڕوون نییە کێ ئەو بۆردوومانەی ئەنجامداوە، بەڵام تورکیا لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە دەوورووبەری ئەو ناوچەیەی تۆپباران کردووە، هەروەها تا ئێستاش هیچ لایەنێکی ئەمنی و حکومی لە هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەم بۆردوومانەی نەکردووە.
