سەعدی پیرە: برادەران وەک ڕەئوفییان لێهاتبوو هەر كێیان دەهێنا یا عەرەب یا خەڵكی رۆژئاوا دەردەچوو
سەعدی پیرە: برادەران وەک ڕەئوفییان لێهاتبوو، هەر كێیان دەهێنا یا عەرەب یا خەڵكی رۆژئاوا دەردەچوو.
سەعدی پیرە لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی ئەمڕۆ دووشەممە لەبارەی جموجۆڵەكانی پارتی لە هەولێر لە رۆژی 31ـی ئاب كردییان، ڕایگەیاند، "پێمان سەیربوو برادەران لە رۆژی 31ـی ئاب ئەو جموجۆڵەیان هەبوو، بەڵام وەک ڕەئوفییان لێهاتبوو، هەر كامێكیان دەهێنا یا عەرەب دەردەچوو، یا خەڵكی رۆژئاوا.
شایەنی باسە...
رۆژی 31ـی ئاب، ژمارەیەک لایەنگری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پشتیوانی لە حیزبەكەیان لە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە هەولێر كۆبونەوەو میدیاكانی ئەو حیزبەش بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕووماڵی ئەو چاڵاكییەیان كرد، بەڵام كاتێک یەكێک لە پەیامنێرەكان ویستی پرسیار لە چەند لایەنگری پارتی بكات، ئەو كەسانە وتیان کە عەرەبن و زمانی کوردیی نازانن، بۆ ئێوارەی هەمان ڕۆژ دوبارە لایەنگرانی پارتی لەبەردەم قەڵای هەولێر كۆبونەوە، دووبارە لە پەخشی ڕاستەوخۆ یەكێک لە لایەنگرانی پارتی وتی من خەڵكی رۆژئاوای كوردستانم.
مەبەستی سەعدی پیرە لە بەكارهێنانی دەستەواژەی عەرەب و رۆژئاوا ئاماژە كردن بوو بۆ ئەو دوو ڕووداوە، لەهەمان كات بەكارهێنانی دەستەواژەی ڕەئوف، مەبەستی ئەو دەستەواژەیە بوو كە لە سۆشیال میدیا كورتە تەمسیلییەكی كۆمیدی هەیە كە یەكێک لە ئەكتەرە كۆمیدییەكان بانگی ئەكتەرێكی دیكە دەكات و پێی دەڵێت "ڕەئوف حەیامان چوو یا نا؟" ئەمە بووە بە ترێند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
سەعدی پیرە بە بەكارهێنانی ئەو دەستەواژانە ئەم كارانەی پارتی بە حەیاچوون ناوبرد كە لە بەرامبەر حیزبەكەی یەکێتیی كردوویەتی.
