ئەمەریکا داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن
ئەلینا ڕۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی ئەیلوولی 2024 بەبۆنەی ڕۆژی نێودەوڵەتی بۆ دیموکراسی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوەو تێیدا دەڵێت: داوا لە هەموو دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە بە تەواوی بەشداری لە قوڵکردنەوەی دیموکراسی لە وڵاتەکەیاندا بکەن لە ڕێی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەی 20ـی تشرینی یەکەمی داهاتوودا.
شایەنی باسە، بڕیارە بەمزوانە ناوی کاندیدەکان بە مەبەستی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا پەسەند بکرێن و دواتر لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە وادەیەک بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکرێت.
زانیاری زیاتر...
بڕیارە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەسەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە نۆ ئەندام پێکهاتووە، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت دوای چوار جار لە دواخستنی.
