ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان: سیستەمی ئەسیکۆدا گومرگی لە هەموو دەروازەکان یەکخست
ئەمڕۆ دووشەممە، کوتلەی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"ی پەرلەمانی، گرنگیی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا و ڕێکارە گومرگییەکانی ڕوونکردەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک بازرگان دوای زیانگەیشتن بە بەرژەوەندییەکانیان دەنگۆی ناڕاستیان دەربارەی سیستەمەکە بڵاوکردووەتەوە، جەختیشی کردەوە کە ڕێکارە گومرگییە نوێیەکان دەستیان بۆ بازرگانانی ماددە خۆراکییەکان نەبردووە.
بەها ئەعرەجی، سەرۆکی کوتلەکە بەپێی ئاژانسی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "سەرۆک وەزیران پەرۆش بوو بۆ پێشکەشکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، چونکە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بە یەک سیستەمەوە دەبەستێتەوە"، ڕوونیشیکردەوە کە "زۆربەی بازرگانان کاڵاکانیان لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرد، چونکە لەوێ باجی گومرگی زۆر کەمتر بوو لە چاو دەروازەکانی تر."
وتیشی: "ئەو پارانەی پێشتر دەدران نەدەگەڕانەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی یان دەوڵەت، بەڵام کاتێک ئەم سیستەمە جێبەجێ کرا، بازرگانان دەستیان کرد بە پێدانی باج، بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو لێدوانانەی دەیبیستین و ئەو خۆپیشاندانە ساختانەی هەندێک بازرگان بە بیانووی زیانمەندبوون لەم سیستەمە ئەنجامی دەدەن، بۆ بەرژەوەندی گشتی نییە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانە، چونکە ئەو قازانجە چاوچنۆکانەیان ڕاگیراوە."
ئەعرەجی ئەوەشی خستەڕوو: "ڕێکارە گومرگییە نوێیەکان بۆ پاراستنی ئابووری نیشتمانی عێراق دانراون، کە هەندێک کەس دەیانەوێت بە کراوی بمێنێتەوە بۆ بەدیهێنانی دەستکەوت و قازانجی کەسی"، وتیشی: "ئێمە هیچ هاوار و داواکارییەکمان لە بازرگانانی ماددە خۆراکییەکانەوە نەبیستووە چونکە ئەوان زیانمەند نەبوون، بەڵکو زیانمەندەکان هەندێک لە بازرگانانی جلوبەرگ و مۆبیلیاتن، چونکە پێشتر بەرتیلیان دەدا بە هەندێک لە (دەڵاڵە گومرگییەکان)، بەڵام ئێستا پارەکان بە شێوەیەکی یاسایی بۆ گومرگ دەچن."
جەختیشی کردەوە کە "هەندێک لە بازرگانانی کەلوپەلی کارەبایی و ئەلیکترۆنی ڕاهاتبوون قازانجی زۆر گەورە لەسەر حیسابی هاووڵاتی عێراقی بکەن، بەڵام کاتێک ئەمە ڕێکخرایەوە، بەرژەوەندییە کەسییەکانیان زیانی پێگەیشت، بۆیە ئەو هاوارانەی دەیبیستین بەهۆی زیانگەیشتنە بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان، نەک بەرژەوەندی گشتی."
