تورکیا: پەکەکە یان چەکەکانیان دادەنێن و ڕادەست دەبن یان بەتەواوەتی لەناو دەچن
تورکیا هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕ دەکاتەوە و وەزیری بەرگری تورکیا جەختی کرد کە ئاشتی لەگەڵ پەکەکە و یەپەگە ناکرێت و شەڕی تورکیا تا لەناوچوونی تەواوی ئەو گرووپانە درێژەی دەبێت.
وەزیری بەرگری تورکیا، یاشار گولەر بەرگری لە ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و جەختی کرد کە ئەو هێرشانە درێژەی دەبێت.
ناوبراو راشیگەیاند کە هێزەکانی تورکیا گورزی قورسیان لە هێزەکانی پەکەکە و یەپەگە داوە و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەش لە وەڵام بە هێرشەکەی پەکەکە بۆ سەر ناوەندی پیشەیی بەرگری تورکیا بووە.
گولەر جەختی کرد: ئێمە هیچ بژاردەیەکمان بە ناوی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە نییە، ئەوان یان چەکەکانیان دادەنێن و ڕادەست دەبن یان بەتەواوەتی لەناو دەچن.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەڕەشە دەرەکییەکان، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تورکیا هەواڵی دا و زیادی کرد: ئەگەری پێکدادانێکی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و ئەبێ بۆ هەر جۆرە سیناریۆیەک ئامادە بین.
