عێراق سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی بۆ شەهیدبوونی سەید خامنەیی ڕاگەیاند
ئەمڕۆ یەکشەممە،حکومەتی عێراق، ماتەمینی گشتی لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بۆ شەهیدبوونی سەید عەلی حوسەینی خامنەیی ڕاگەیاند.
"باسم عەوادی"گوتەبێژی فەرمی حکومەت، لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتوو،تیایدا ڕایگەیاند: بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە،پرسەو سەرەخۆشی لە ڕۆڵەکانی گەلی ئێرانی بەڕێز و سەرجەم گەلی ئیسلامی دەکەین، بەبۆنەی کۆچی دوایی زانا و موجاهید،و ڕێبەری باڵا ئایەتوڵڵا عوزما "سەید عەلی حوسەینی خامنەیی" کە وەک شەهیدێک لەگەڵ پێشینانی ئالی بەیتی پێغەمبەر هەژماری دەکەین، ئەوەش لە دوای دەستدرێژییەکی ئاشکرا و کردەوەیەکی سەرکۆنەکراو کە سەرجەم نەریتە مرۆیی و ئەخلاقییەکان دەبەزێنێت و پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
هەروەک وتیشی: بە کۆچی دوایی سەیدی شەهید، جەنابیان کاروانی خزمەتکردنی گەلی ئێرانیان بە تاجی شەهیدبوون و وەفاداری بۆ بنەماکان گەیاندە لوتکە، لە کاتێکدا بەرگری لە نەتەوەکەی دەکرد لە دژی ستەم و توندوتیژی، و داواکاری ڕێبازی حەق و هەوڵدەر بوو بۆ خزمەتکردنی دۆزی ئۆمەتی ئیسلامی و مرۆڤایەتی بەگشتی.
جەختیشی کردەوە کە عێراق لەم چوارچێوەیەدا، بانگەوازی جیدی خۆی بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئۆپەراسیۆن و کردەوە سەربازییەکان نوێ دەکاتەوە، کە ناوچەکە بەرەو ئاستێکی بێپێشینە لە توندوتیژی و پەرەپێدانی ململانێ و تێکدانی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی دەبەن.
وتەبێژی حکومەت ، ئاماژەی بەوەشکرد : کە حکومەتی عێراق لە سەرانسەری عێراقدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕادەگەنێت.
