هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی عێراق لە جامی ئاسیا بەرامبەر هاوتا تایلاندییەکەی یەکسان بوو
ئەمڕۆ یەکشەممە،یاریی نێوان هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی عێراق و تایلاند بە یەکسانبوون بە ئەنجامی (1-1) کۆتایی هات، لە چوارچێوەی گەڕی دووەمی ڕکابەرییەکانی کۆمەڵەی چوارەمی جامی ئاسیای تەمەن خوار 23 ساڵ، کە لە ئێستادا لە شانشینی عەرەبی سعودیە بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی عێراق لە خولەکی 27ی گێمی یەکەمدا لە ڕێگەی یاریزان (ئەموری فەیسەڵ)ەوە بە لێدانی سزایی گۆڵی پێشەنگی تۆمارکرد،بەڵام هەڵبژاردەی تایلاند توانی لە خولەکی 85ی یارییەکەدا لە ڕێگەی یاریزان (تشێنگ وین) ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.
بەم ئەنجامە، هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی عێراق کۆی خاڵەکانی بۆ دوو خاڵ بەرزکردەوە، پاش ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا بەبێ گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی چین یەکسان ببوو کە ئێستا بە 4 خاڵ لە پێشەنگی کۆمەڵەکەیە. تایلاندیش یەکەم خاڵی بەدەستهێنا پاش ئەوەی لە یاری یەکەمیدا بە ئوسترالیا (خاوەن ٣ خاڵ) دۆڕابوو.
بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی عێراق لە گەڕی سێیەم و کۆتایی قۆناغی کۆمەڵەکاندا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی ئوسترالیا ببێتەوە.
لە کۆتایی یارییەکەدا، "عەبدولڕەزاق قاسم"یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ جاری دووەم لەسەریەک خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەی پێبەخشرا.
