پارتی: هیچ لایەنێک ناتوانێت بەبێ پارتی حکومەتی نوێ پێکبهێننێت
لەسەر پێکهێنانی حکومەت پارتی وەڵامی شاسوار عەبدولواحید و بافڵ تاڵەبانی دایەوە و ئەندامێکی لیژنەی دانوستانکاری پارتی بە میدیاکانی حزبەکەی وتووە، هیچ لایەنێک ناتوانێت بەبێ پارتی حکومەتی نوێ پێکبهێننێت.
ئەندامێکی لیژنەی دانوستانکاری پارتی بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنن و زۆرینەی کورسیەکانی پەڕلەمان هی ئەوانن بۆیە هیچ لایەنێک ناتوانێت بەبێ پارتی کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنێت.
وتیشی، لەگەڵ یەکێتی لە گفتوگۆکردن بەردەوامن بۆ پێکهێنانی حکومەت و هەنگاوی باشیشیان ناوە، هاوکات بەپێی ئەنجام و بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەرگای گفتوگۆیان کراوەیە بۆ هەموو لایەنەکان و پێویستە رێز لە دەنگ و متمانەی خەڵکی کوردستانیش بگیرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە شاسوار عەبدولواحید، رایگەیاند، جەخت لە پرۆژەکەی ساڵی رابردوویان دەکەنەوە بۆ پێکهێنانی بەرەیەک لەدەرەوەی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و بافڵ تاڵەبانیش وەڵامی چاڵنجەکەی شاسوار عەبدولواحیدی دایەوە و وتی، ئەوانیش رۆژی شەممە شاندی یەکێتی و خۆشی سەردانی نەوەی نوێ دەکەن.
