پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی لەبارەی بەرێوەچوونی پلانی ڕۆژانی جەژنەوە بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئۆمێد خۆشناو پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی پلانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوشکرد، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا.
پارێزگای هەولێر لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، لەلایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر، بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی وبێگرفت جێبەجێ کرا.
ئاماژەی بەوەش داوە، ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیاران و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ، لە سنووری پارێزگاکەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-
سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێ کران، لەوانەش دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێك یان گیروگرفتێك. هەروەها پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە ( 76 هەزار و 654 ) گەشتیار.
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.
سەرجەم هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە هەموو بەش و هۆبەکان لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لەئامادەباشی تەواودابوونە و پلانەکان وەک چۆن داڕێژرابوون تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێ کراون، ئاماری تاوانەکان لە ڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، ( 28 ) تاوان تۆمار کراوە، ( 28 ) تاوان ئاشکرا کراوە.
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێ کران، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، ( 4 ) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویان دا و بە داخەوە لە ئەنجامدا ( 12 ) کەس بریندار بوون.
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرکدا بوون، لەوماویەشدا ( 9 ) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێ نەکەوتۆتەوە.
لە سێ ڕۆژی جەژن تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرک دابوونە، لەو ماوەیەشدا ( 5 هەزار و 874 ) هاوڵاتی سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، (119 ) منداڵ لە دایک بووە ( 71 کوڕ ) و ( 48 کچ )، ( 669 ) نەشتەرگەرى جۆراو جۆر ئەنجام دراوە لەگەڵ ( 620 ) حاڵەتى شوشتنی گورچیلە، ( 159 ) نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەکەلی چارەسەریان وەرگرتووە و ( 520 ) نەخۆشیش لە سەنتەری ئاوات چارەسەری تیشکیان وەرگرتووە.
سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی شارەوانی، لە ڕۆژانی جەژن لە ئەرکدا بوونە و لەو ڕۆژانەشدا ( 6 هەزار و 956 ) تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە شاراونەتەوە.
دەستخۆشیی لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنیەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر و تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان لە سەرجەم قەزا و ناحییەکان دەکەین، کە لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوو وێڕاى پشووى فەرمانگەکانیان لە ئەرکدا بوون، جارێکی تر وەکو پارێزگاى هەولێر هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنییا دەکەینەوە وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و بە هەموو توانایەکمانەوە بە پشت بەستن بەتوانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان.
