پەروەردە ڕێنمایی دەدات بۆ دابینکردنی هەلی تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ بۆ ئەو قوتابیانەی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پەروەردە، فەرمانی دا بە دابینکردنی هەلی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ بۆ سەرجەم ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا کە بەدەست ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: "بەهۆی ئەو ڕووداوانەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێن، وەزارەتی پەروەردە/ لێژنەی هەمیشەیی تاقیکردنەوە گشتییەکان فەرمانی بەپەلە دەرکردووە کە تێیدا جەخت دەکاتەوە لەسەر دابینکردنی هەلی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ بۆ سەرجەم ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە عێراق، و تاقیکردنەوەکانیش لە نزیکترین قوتابخانە لە شوێنی نیشتەجێبوونیان ئەنجام دەدرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد: "لە حاڵەتی نەتوانینی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا، ڕێگەیان پێ دەدرێت تاقیکردنەوەکان لەگەڵ ئەو قوتابی و خوێندکارانەدا ئەنجام بدەن کە تاقیکردنەوەکانیان دواخستووە ، ئەوەش لە میانی هەفتەی دووەمی دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی دوای پشووی بەهار."

