گواستنەوە: مانگی ئازاری داهاتوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناسریە دەکرێتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە "ڕەزاق محبیس سەعداوی" وەزیری گواستنەوەی عێراق، ڕایگەیاند کە سەرجەم کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناسریە چارەسەر کراون و پڕۆژەکە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بە ڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە.
وەزیری گواستنەوە لە کاتی بەسەرکردنەوەی مەیدانیی پڕۆژەکەدا، بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: جێبەجێکردنی کارەکان زۆر پێش کەوتنی بەخۆیەوە بینیوە،و سەرجەم ئەو گرفتە دارایی و کارگێڕییانەی کە کۆمپانیای جێبەجێکار پێیانەوە دەیناڵاند، وەک مۆرکردنی پاشکۆی گرێبەستەکان و شایستە داراییەکان،و بە تەواوی چارەسەر کراون.
"سەعداوی" ئاماژەی بەوەشکرد : کە ئێستا لە قۆناغی ئامادەکارین بۆ "کردنەوەی ئەزموونی" پڕۆژەکە و لە چاوەڕوانی گەیشتنی ئامێرە پێشکەوتووەکانی گەشتیاری ئاسمانیین (ملاحة) کە لە وڵاتانی ئەوروپاوە و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان دابین کراون.
جەختیشیکردەوە کە ئەم فڕۆکەخانەیە دەبێتە دەروازەیەکی گرنگی ئابووری و گەشتیاری بۆ پارێزگای زیقار و عێراق بۆ پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە.
لای خۆیەوە"هیسەم حەمدانی" پارێزگاری زیقار ڕایگەیاند کە حکومەتی خۆجێی سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی لە کاتی دیاریکراودا کارەکانی ئاو،و ئاوەڕۆ،و کارەبا و ڕێگاوبانی فڕۆکەخانەکە تەواو بکەن تاوەکو هیچ ڕێگرییەک لەبەردەم کردنەوەی پڕۆژەکەدا نەمێنێت.
