هەیبەت حەلبوسی: دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار چیتر قبوڵکراو نییە
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەیبەت حەلبوسی، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی جەختی کردەوە کە ئەنجومەنەکە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکەی دەگرێتە ئەستۆ و بەپێی دەستوور بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاو دەنێت.
حەلبوسی لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە: "دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار چیتر قبوڵکراو نییە، بەهۆی ئەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەی کە لەسەر سەقامگیری دەوڵەت و ڕێکوپێکی کارکردنی دامەزراوەکانی هەیەتی، لە کاتێکدا عێراقییەکان چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی ئەم شایستە دەستوورییە دەکەن."
هەروەها وتیشی: "کاتێکی تەواو دراوە بۆ گەیشتن بە سازان و هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی گونجاو، بەڵام بەردەوامی دواکەوتنەکە سنوورە قبوڵکراوەکانی تێپەڕاندووە، بۆیە ئەنجومەنی نوێنەران بەرپرسیارێتی دەستووری خۆی هەڵدەگرێت و بەرەو تەواوکردنی ئەم شایستەیە دەچێت."
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئێمە لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی ڕووندایین: کۆتاییهێنان بەم شایستەیە بەپێی دەستوور، و هەڵبژاردنی کەسایەتییەک کە نوێنەرایەتی هەمووان بکات و لە ئاستی متمانەی عێراقییەکاندا بێت، و سەقامگیری بۆ کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بگێڕێتەوە."
ئەمڕۆ، ٢٢٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیستێکیان بە ناو و واژۆکانیانەوە پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، و تێیدا داوایان کردووە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو تەرخان بکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
