ترەمپ: لەسەر داوای پاکستان هێرشەکانی سەر ئێران بۆ دوو هەفتە رادەگرم
سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری ڕاگرتنی هێرشە سەربازییە وێرانکەرەکانی بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە راگەیاند، ئەمەش دوای دەسپێشخەرییەکەی سەرکردایەتیی پاکستان و وەرگرتنی پێشنیازێکی 10 خاڵی لە تارانەوە. جەختی کردەوە کە ئەم ئاگربەستە دوولایەنەیە و دەبێت دەستبەجێ دەبێت گەرووی هورمز بکرێتەوە
چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند، بە پشتبەستن بەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و مارشاڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان ئەنجاممان دا، کە تێیدا داوایان لێکردم ئەو هێزە وێرانکەرە رابگرم کە بڕیار بوو ئەمشەو بۆ سەر ئێران ئەنجام بدەم، من رازی بووم بە راگرتنی بۆردوومان و هێرشەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە."
ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بەبێ مەرج نییە و رایگەیاند، ئەمە ئاگربەستێکی دوولایەنە دەبێت، بەڵام مەرجەکە ئەوەیە کە دەبێت کۆماری ئیسلامی ئێران رازی بێت بە کردنەوەی تەواوەتی، دەستبەجێ و پارێزراوی گەرووی هورمز."
سەبارەت بە دۆخی سەربازیی ئێستاش، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "هۆکاری ئەم بڕیارە ئەوەیە کە ئێمە پێشتر تەواوی ئامانجە سەربازییەکانمان پێکاوە و تەنانەت لێشیان تێپەڕیوین، ئێستا زۆر لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوە دەربارەی ئاشتییەکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نزیکین."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد: "ئێمە پێشنیازێکی 10 خاڵیمان لە لایەن ئێرانەوە پێگەیشتووە و بڕوامان وایە کە ئەمە بناغەیەکی کارایە بۆ دانوستان. نزیکەی تەواوی ئەو خاڵە جیاوازانەی لە رابردوودا کێشەیان لەسەر بوو، لە نێوان ئەمریکا و ئێران رێککەوتنیان لەسەر کراوە، ئەم ماوەی دوو هەفتەیەش رێگە دەدات رێککەوتنەکە کۆتایی پێ بهێنرێت و جێبەجێ بکرێت."
ترەمپ راشیگەیاند، "وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەروەها وەک نوێنەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێگەی شانازییە بۆ من کە ئەم کێشە درێژخایەنە بەرەو چارەسەری کۆتایی دەبەم. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە."
