سەرۆکی ئێران: ئەمریکا بەمەبەستی کۆنترۆلکردنی وڵاتانی دیکە دۆلار وەک چەک بەکاردەهێنێت
سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمریکا دۆلار وەک چەک بەکاردەهێنێت، لە بەرامبەردا بریکس توانای ئەوەی هەیە ئاسانکاری بۆ بەکارهێنانی دراوی نیشتمانیی بۆ وڵاتان بکات.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەڕمی ئێران İRNA، مەسعود پزیشکیان لە 16هەمین کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی کۆمەڵەی "بریکس"دا کە لە کازانی پایتەختی کۆماری تاتارستانی سەر بە رووسیا بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکەش کرد.
پزیشکیان لە گوتارەکەی ڕایگەیاند: "ئەمریکا بەمەبەستی کۆنترۆلکردنی وڵاتانی دیکە دۆلار وەک چەک بەکاردەهێنێت"، دەشڵێت: جیهان بریکس وەک ڕێکخراوێک دەناسێت کە هێزی دۆلار لاواز دەکات و دراوە نیشتمانییەکان دەخاتە ئاراوە، وڵاتانی ئەندامانی کۆمەڵەی "بریکس" گەورەترین بەرهەمهێنەر و بەکاربەری وزە، دانەوێڵە و کەرەستەی دیکەن و خاوەنی هێڵی گواستنەوە و ترانزێتی گرنگن، کە ئەوەیش بەکارهێنانی دراوی نیشتمانییان ئاسان دەکات.
پزیشکیان داوای لە وڵاتانی ئەندامانی کۆمەڵەی بریکس کرد دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ڕابسپێرن خێراتر کار بکەن لەبارەی زیادکردنی هاریکارییە ئابووریی و بازرگانییەکان و، بەپێویستی زانی میکانیزمی هاوبەش دابمەزرێنرێت بەرامبەر سزا ئابوورییەکان.
