سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەردۆغان لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، مەحەممەد شەیاع سودانی ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ هەینی لە کۆشکی وەحیدین لە شاری ئیستەنبوڵ لە تورکیا لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.
هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیا تاوتوێ کرد لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری و هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر غەززە و لوبنان و ئەو هێرشانەی کە چەندین وڵاتی ناوچەکەی کردە ئامانج.
بەڕێز سودانی و ئەردۆغان تاوتوێی یەکخستنی هەڵوێستەکانیان کرد، بەرامبەر بەم پێشهاتەکان و ئەو ئاستەنگییەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێت، هەروەها هاندانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و نەتەوەییەکان بۆ پشتیوانیکردن لەو هەوڵانەی کە دەدرێن بۆ ئاگربەست، هەروەها ئاسانکاری کردن بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری و گەیاندنی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووان و دەستپێکردنی هەوڵی ئاوەدانکردنەوەو پاراستنی بوونی فەڵەستینییەکان لەسەر خاکی خۆیان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا لەگەڵ چۆنیەتی چالاککردنی یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی هاوبەش لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری و گەشەپێداندا.
