شەپۆلی باران بارینی بەلێزمە هەفتەیەکە ڕووی لە ئیسپانیا کردووە
ئەو شەپۆلی باران بارینە بەلێزمەیەی ماوەی هەفتەیەکە ڕووی لە ئیسپانیا کردووە، ئەمجارە ناوچەی کەتەلۆنیای باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی گرتەوە.
بەهۆی بارانی بەلێزمەوە کە دوێنێ ئێوارە لە شارەکانی بەرسێلۆنا، جیرۆنا و تاراگۆنا دەستیپێکرد و هەتا کاتەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، هاتوچۆ ئەو هەرێمە ڕاگیرا.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری فڕۆکەخانەکانی ئیسپانیا AENA، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە بڕی 81 لیتر باران لەسەر مەترێک چوارگۆشەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەرسێلۆنا باریوە و ئاو چووەتە ناوچەیەکی زۆری فڕۆکەخانەکە.
بەرپرسانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە بەهۆی زیانەکانی لافاوەکەوە لانیکەم 50 گەشت هەڵوەشێندراوەتەوە و 17 فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی دیکە نیشتوونەتەوە.
هەروەها بۆ بەرگرتن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی Renfe، بلاویکردەوە کە لە هەرێمی کەتەلۆنیا بۆ ماوەیەکی کاتی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لە دەرەوەی شار ڕاگیراون.
