ڕووبەڕووبونەوەی چەکداری لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارێک لە پایتەختی ئوردن ڕوویدا
دەزگای ئاسایشی گشتی وڵاتی ئوردن بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2024 ڕایگەیاند، ڕووداوێکی تەقەکردن لە ناوچەی ڕابییە لە عەممانی پایتەختی ئوردن ڕوویدا کە بووە هۆی برینداربوونی 3 کارمەندی ئەمنی.
هێزە ئەمنییەکانی ئوردن بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕووبەڕووی ڕووداوێکی تەقەکردن لەیەکێک لە مەفرەزەکان بوون، کە لە ناوچەی ئەلڕابیە لە عەممانی پایتەخت ڕوویدا و ئاشکرابوو کە کەسێک تەقەی لە مەفرەزەیەکی هێزە ئەمنییەکان کردووە، لەهەمان گەڕەکی ڕووداوەکە هێزێکی ئەمنی تەقەکەرەکەیان دۆزیوەتەوە کە هەوڵی هەڵهاتنی داوە و ڕووبەرووی بوونەوە.
دەزگای ئاسایشی ئوردن لە ڕاگەیەندراوەکە ڕوونیکردووە، هێزەکانمان توانیان شوێنی تەقەکەرەکە بدۆزنەوە لەهەمان ناوچەی ڕووداوەکە و توانیان گەمارۆی بدەن و دوای گەمارۆدانی تەقەی لەهێزە ئەمنییەکان کرد و ئەوانیش یاسایان جێبەجێکرد و ئەنجامدەرەکەی ڕووداوەکە کوژرا.
لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەکە 3 کارمەندی ئاسایشی گشتی برینداربوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و باری تەندروستییان مامناوەندە و لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکردووە.
شایەنی ئاماژەپێدانە، ناوچەی ئەلڕابیە لە عەممانی پایتەختی ئوردن باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی لێیە، بەڵام بەیاننامەی ئاسایشی ئوردن وردەکاری زیاتری نەداوە و ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان شوێنی باڵیۆزخانەکە و تەقەکردنەکە نەکردووە.
