بەسەرپەرشتی ئەمریکا و فەرەنسا ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حیزبولڵا دەچێتە بواری کارەوە
کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئەمەریکا پێیوایە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبولڵای لوبنان نزیکە، بەڵام وتووێژەکان هێشتا بەردەوامن.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا جۆن کێربی دەڵێت: "ئێمە لەو باوەڕەداین کە گەیشتووینەتە ئەو خاڵەی کە نزیک دەبینەوە لە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حیزبولڵای لوبنان"، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی نییە.
جۆن کێربی دەڵێت: "ئێمە پێمان وایە ئەمە ڕێگایەکی زۆر ئەرێنیە"، هەروەها جەختی لەوەکردەوە کە هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نەگەیشتووەتە ئەنجام و هیچ دانوستانێکیش بەرهەمی نەبووە.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن کێربی دەشڵێت: سەرۆک جۆ بایدن لەنزیکەوە چاودێری بەرەوپێشچوونەکانی وتووێژەکانی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حیزبولڵای لوبنان دەکات و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەموس هۆکستین نێردراوی تایبەتی ئەمریکا لە پەیوەندیدایە کە هەفتەی ڕابردوو سەردانی ناوچەکەی کرد.
لەلایەکی ترەوە، هەندێ ڕاپۆرتی جیهانی باس لەوە دەکەن، کە هەردوو سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جۆ بایدن و هاوتا فەڕەنسیەکەی ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕێککەوتنێک ڕادەگەیەنن کە تیایدا ئاگربەست لەنێوان حیزبولڵای لوبنان و ئیسرائیل ڕابگەینن، هەروەها لەمبارەیەوە وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا جۆن کێربی، تەنیا ئاماژەی بەوەدا کە هەفتەی رابردوو هەردوو سەرۆک گفتوگۆیان ئەنجامداوە و ئەم ڕاپۆرتانەی پشتڕاست یلت ڕەتنەکردەوە.
