ئەنجومەنی نوێنەرانی بەریتانیا دەنگی بە یاسای مردنی یارمەتیدەر دا
ئەمڕۆ هەینی 29ـی تشرینی دووەم، ئەنجومەنی نوێنەرانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای "مردنی یارمەتیدەر"ـی تێپەڕاند کە تێیدا ئەو کەسانەی هیوای ژیانیان نەماوە و دەیانەوێت کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن، یاخود نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەتوانن داوای ئەوە بکەن کۆتایی بە ژیانیان بهێنرێت لەڕێگەی لێدانی دەرزی بێ ئازار کە دوایی دەبێتە هۆی مردنیان.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی بەریتانیا، دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لە تاووتوێکردنی پرۆژەیاساکە لەنێو پەرلەمانتارانی بەریتانیا، پرۆژەیاساکە بەدەنگی 330 پەرلەمانتار تێپەڕێندرا، لەکاتێکدا 275 پەرلەمانتار دەنگی نەخێریان بە پرۆژەیاسەکەدا.
پرۆژەیاساکە چەند مەرجێکی تێدایە بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت، گرنگترینیان ئەوەیە کەسی نەخۆش بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی تەنها شەش مانگی مابێت لەژیاندا و هیوای ژیانی نەمابێت، دواتر کەسی نەخۆشی سەروو 18 ساڵ بێت و داواکاری پێشکەش دەکات بۆ بەکارهێنانی دەرزی یارمەتیدەر بۆ کوشتنی و لیژنەیەک لە دوو پزیشکی پسپۆر یا زیاتر دوای پێداچوونەوە لەسەر نەخۆشیەکە بڕیار لەسەر دۆسیەکە دەدەن.
تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیاسایە لەکاتێکدایە جیاوازییەکی فراوان له بۆچوونی پەرلەمانتاران و سیاسەتمەداران و چالاکوانان و هاوڵاتیانی بەریتانیایە لەسەر یاساکه کە جێی مشتومڕە.
