بافڵ تاڵەبانی: بەوردی چاودێری ڕووداو و پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانمان کردووە
سەرۆکی یەکێتیی لەبارەی ڕووخانی ڕژێمی سووریا پەیامێکی بڵاوکردەوە و لەو پەیامەی پشتگیری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاندووە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەوردی چاودێری ڕووداو و پێشهاتەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانمان کردووە و لەگرنگی ئەو گۆڕانکارییانە و کاریگەرییەکانیان تێدەکۆڵین.
تاڵەبانی دەشڵێت: بەتەواوی ڕێز لە ئیرادەی گەلی سووریا و ئەو بڕیارانە دەگرین کە سەبارەت بە ئایندەی وڵات دەدرێن بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکان و نەتەوەکان و لەبەرچاوگرتنی واقیعی سیاسی ئەو وڵاتە، تکایە ئەم دەرفەتە لەبەرچاو بگرن بۆ خوڵقاندنی قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی و دادپەروەری لەگەڵ سیاسەتێکی نیشتمانی هاوبەش لەچوارچێوەی ئایندەیەکی سەقامگیر بۆ گەلەکەتان.
سەرۆکی یەکێتیی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان دووپات دەکەینەوە و هیوادارم هەمووان بەیەک دەنگ و گوتارێکی نیشتمانی پشتیوانییان لێبکەن و ڕووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببنەوە کە هەڕەشە لە ژیان و سەقامگیریان دەکەن.
لە کۆتاییدا جەخت لەسەر پاراستنی مافەکانی گەلی کورد دەکەینەوە و هیوادارین هەمووان بڕیاری دروست و عەقڵانی بدەن و ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا بپارێزن چونکە وەک پێشتر گوتمان بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد هیچ ئاشتیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی ناهێنرێت، بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت.
