ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی ئەندامێکی ڕێکخراوەی داعش لە سلێمانی ڕاگەیاند
ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە کەسێکیان دەستگیرکردووە کە ئەندامی داعش بووە لە هەرێمی کوردستان و پێشووتر لە سووریا و عێراق کاری بۆ داعش کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی (غازی سعوود مەحەممەد مەدفەع) راگەیاندووە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کەسە چەند خولێکی شەرعی و سەربازی لەگەڵ رێکخراوەکە بینیوە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئاسایشی سلێمانی، ئەو کەسە لەدوای لەنێوچوونی داعش لە عێراق "چووەتە سووریا، بەڵام ساڵی 2017 جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان"، ماوەیەک لە ناحیەی شوان-ی سەر بە پارێزگای کەرکووک کاری شوانی کردووە، دواتر بەمەبەستی کارکردن چووەتە قەزای بازیان، لەوێ جارێکی دیکە وەکو ئەندامی شانەی راگەیاندن بەیعەت بە داعش دەدات.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "بەمەبەستی دروستکردنی دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان چەند گرتەڤیدیۆییەکی بارەگە سەربازییەکانی حکومەتی عێراق و قەزای چەمچەماڵی تۆمارکردووە، بەناوی ویلایەتی سلێمانی و کەرکووک ناوی بردوون و لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوکردوونەتەوە".
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی تیمە تەکنیکی و سەربازییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای "زانیاریی هەواڵگری" ئەندامەکەی "داعش"یان دەستگیرکردووە.
