ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی: سوپا خۆی بۆ پێشوازیکردن لە بارمتەكان لە غەززە ئامادەدەكات
ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، سوپای ئەو وڵاتە خۆی بۆ پێشوازیکردن لە بارمتەكان لە غەززە ئامادەدەكات بە هاوکاریی چەند ئۆرگانێکی فەرمی وڵاتەكە، هەروەها بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانیش دەڵێت، ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە لە غەززە لە ماوەی "چەند کاتژمێر یان ڕۆژێکدا" تەواو دەبێت و هەمو بارمتەکان دەگرێتەوە.
ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەواڵێكدا بڵاویكردەوە، سوپا ئامادەکاری دەکات بۆ ئۆپراسیۆنی وەرگرتنی بارمتەكان لە غەززەوە بە هاوکاری پۆلیس، دەزگای زیندانەکان، وەزارەتی تەندروستی، شین بێت، نوسینگەی سەرۆک وەزیران، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەت لە خۆشگوزەرانی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بارمتەکان لە حەماسەوە دەگوازرێنەوە بۆ خاچی سور، هێزی ئاسمانیش سەرپەرشتی ئاسایشی کاروانی خاچی سور دەکات و کاتێک بارمتەکان دەگەنە سنور، ناسنامەیان پشتڕاست دەکرێتەوە، پشکنینی پزیشکییان بۆ ئەنجامدەدرێت، دواتر بە فڕۆکە دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە ناوەندییەکان، پاشان چاویان بە خێزانەکانیان دەکەوێت.
ڕۆژنامە ئیسرائیلیەكە تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ئەو پلانە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل چاوەڕوانی وەڵامی فەرمی حەماسە بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەكان.
لایخۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە لە قەبارەدا بچوکتر دەبێت بەهۆی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئازاد دەکرێن و هەروەها بەهۆی ئەوەی ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان کەمە".
هاوكات بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لەگەڵ خێزانی بارمتەکاندا کۆبوەتەوە کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون، ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە لە غەززە لە ماوەی "چەند کاتژمێر یان ڕۆژێکدا" تەواو دەبێت و هەمو بارمتەکان دەگرێتەوە.
نوێنەرانی بنەماڵەی بارمتەکان كە لەگەڵ نەتەنیاهۆ کۆبونەوە، باس لە پێشکەوتنی بەرچاو دەکەن بەرەو گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی ئازیزانیان.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانەکانی ئێستا هەمو لایەنەکان دەگرێتەوە، بەڵام دەبێتە هۆی ڕێککەوتنێک کە قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت.
