دوو تەقینەوەی بەهێز لە قامشلۆ روویدا
دوو تەقینەوەی بەهێز لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان روویدا، کە یەکێک لە تەقینەوەکان بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە.
ئەمڕۆ هەینی، دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بیستراوە، بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، گومان دەکرێت یەکێک لە تەقینەوەکان ئاگرکەوتنەوە و سووتانی تانکی سووتەمەنی بووبێت لە باڵەخانەیەک کە دەکەوێتە گەڕەکی غەربی لە نزیک کەرگەی دروستکردنی بەفر لە ڕۆژئاوای شارەکە، بەڵام تەقینەوەی دووەم دەرکەوتووە کە هێرشێکی درۆنی بووە بۆ سەر هەمان شوێن و هەمان باڵەخانە.
لە دەوروبەری باڵەخانەکە بۆمبارانکراوەکە بنکەی ئاژانسی هەواڵی هاوار و بارەگەی دەستەی بەرگریی شارستانی و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی مەدەنی لە دەوروبەری شوێنەکە هەن و بەر لە تەقینەوەکانیش دەنگی سوڕانەوەی فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکە بیستراوە.
هەروەها لە بارەی بوونی ژمارەی قوربانییان و شوێنی بۆمباران کراوەکە، هێشتا ئیدارەی خۆسەر لە قامشلۆ هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە.
