رەشید جەختی لەپێویستی کارکردنی بێوەچان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ پارێزگای ئەنبار کردەوە
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ شەممە،جەختی لەپێویستی کارکردنی بێوەچان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ پارێزگای ئەنبار کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار"لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمار ، لە باڵەخانەی پارێزگا لەگەڵ پارێزگاری ئەنبار، محەمەد نوری دلێمی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەندازیار عومەر مەشعان دەبوس و ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و بەرپرسانی ئاسایش کۆبووەوە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لەکۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتی پارێزگاکە و چۆنیەتی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی واقیعی ئابووری و خزمەتگوزاری و ژینگەیی و ڕەوشی گوزەرانی هاووڵاتیان تاوتوێکران، بە جۆرێک کەژیانێکی شایستە دەستەبەر بکات بۆیان.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کەهاوکاری و کاری هاوبەشی نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و بەرپرسانی ئەنبار پرۆسەیەکی دیموکراسی و پرەنسیپێک کە بەرژەوەندی گشتی بەدیدەهێنێت.
سەرۆک ڕەشید جەختی لەپێویستی کارکردنی بێوەچان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردە و کۆمەڵگەیی کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کەپارێزگای ئەنبار ڕووبەرێکی فراوان دەگرێتەوە وهەوڵێکی تایبەتی دەخوازێت لەگەڵ کاری بەردەوام لەلایەن پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵ و کەلەسەر هەمووانیش پێویستە بۆ زیادکردنی دەرفەتی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئەنبار، کە لە جەنگی دژ بە تیرۆردا زیانی زۆری بەرکەوتووە.
سەرۆک کۆمار ئامادەیی سەرۆکایەتی کۆماری دەربڕی بۆ پشتیوانیکردن لەو هەوڵ وکارکردن بۆ ئەوەی گەشەپێدان لە سەرجەم پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بگرێتەوە و دەروازەکانی دژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تێکدەران دابخرێت بۆ پەرەپێدانی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
