دەم پارتی: ئۆجەلان ئامادەکاری بۆ چارەسەری کۆمەڵایەتی دەکات نەک چارەسەری نێوان حکومەت و ئیمرالی
دوای كۆبونەوەی دوەمی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆلای عەبدوڵا ئۆجەلا ڕێبەری زیندانیكراوەی پەكەكە، بەرپرسێكی ئەو پارتی وردەكاری كۆبونەوەكەی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، ئۆجەلان ئامادەکاری بۆ "چارەسەری کۆمەڵایەتی دەکات" نەک چارەسەری نێوان حکومەت و ئیمرالی، دەشڵێت، "تا سەرچاوەی ناسەقامگیری و توندوتیژی چارەسەر نەکرێت، دانانی چەك لەلایەن پەكەكەوە ئاسان نابێت".
بەرپرسێكی دەم-پارتی بە میدیاكانی باكوری كوردستانی ڕاگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان بە شاندەكەی دەم پارتی ڕاگەیاندوە؛ "گرنگ نییە من کوێم، دەبێت مەرجەکان گونجاوبن بۆ پەرەپێدانی پرۆسەکە، بەڵام لە هەر بارودۆخێکدابێت هێز و ئیرادەی چارەسەرکردنم هەیە".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو کۆبونەوانەی لەگەڵ لایەنەکان ئەنجامدراون بە وردی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕونکراوەتەوە و ئەویش بە ئەرێنی سەیری ئەو کۆبونەوانە دەکات، هەروەها شاندەكەی دەم پارتی ئاگاداركردوەتەوە كە بەردەوام بن لەو كۆبونەوانە.
ئەو بەرپرسە وتیشی، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ئامادەکاری بۆ "چارەسەری کۆمەڵایەتی دەکات" نەک چارەسەری نێوان حکومەت و ئیمرالی، چونكە پێشکەوتن لە ڕێگەی ئاشتی و چارەسەری کۆمەڵایەتیەوە بەدەستدێت، هەروەها بۆ ئەوەی پرۆسەیەک لەسەر ئەم بنەمایە ئەنجام بدرێت، پێویستە "بنەمای چارەسەری یاسایی دروست بکرێت"، چاوەڕێی دامەزراندنی بناغەیەک بکرێت.
لەبارەی بانگەوازی ئۆجەلان بۆ چەك دانانی پەكەكە، بەرپرسەکەی دەم پارتی دەڵێت، "لە ڕوی مێژوییەوە عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە لە کارکردن بۆ چارەسەری ناتوندوتیژی لەسەر بنەمای دیموکراسی، بەڵام تا سەرچاوەی ناسەقامگیری و توندوتیژی چارەسەر نەکرێت، ئەو كارە ئاسان نابێت".
دەشڵێت، "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، پێش هەمو شتێک پێویستە ئەو دەستورە نەهێڵرێت کە ئینکاری و سیستمی نادیموکراسی دروست دەکات، هەروەها بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایگەیاندوە كە بەهۆی نادڵنیایی حکومەت و پێگەی گشتی سوریا، نابێت بچینە دۆخێکەوە کە ڕۆژاڤا و بەتایبەت گەلانی دیکە ڕوبەڕوی هەڕەشە ببنەوە".
ئەو بەرپرسە تیشک دەخاتە سەر بنیاتنانی چارەسەری لامەرکەزی و دەڵێت، "لەم کۆبونەوانەدا تاکە چارەسەر کە هەم تورکیا، سوریا، عێراق و ئێرانیش ڕزگار دەکات، دروستکردنی بناغەیەکی دیموکراسی و ئاشتیە لەگەڵ هەمو گەلاندا، ئەوەش تاکە چارەسەرە كە ئۆجەلان کاری لەسەر دەکات و ئامانجیەتی".
