سەرۆک کۆمار : عێراق ڕێگه نادات دەست لەکاروباری ناوخۆی وەربدرێت
د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمار لەبەشداری سیمینارێکی دیالۆگیدا جەختیکردەوە کەعێراق ڕێگه نادات دەست لەکاروباری ناوخۆی وەربدرێت و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا هەیه
سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە
لەچوارچێوەی بەشداریکردنی لەکارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، سەرۆک کۆمار، د.لەتیف جەمال ڕەشید، لەهۆڵی کۆنگرە لەداڤۆس بەشداری لە دانیشتنێکی دیالۆگ کرد بە ناونیشانی (ڕێگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست).
لەسیمینارەکەدا کەلەلایەن مێرک دوشیک بەڕێوەچوو، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای یونایتد کۆنتراکزەری یۆنانی، سامر خوری و بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری چانام هاوس و ڕاوێژکاری فیدراڵی نەمسا ئەلیکساندەر شالبێرگ ئامادەی بوون، سەرۆک کۆمار پێشوازیی لێکرا و گفتوگۆکانی سیمینارەکە بەپرسیارێک سەبارەت بەو پەرەسەندنانەی لەناوچەکەدا ڕوو دەدەن دەستیپێکرد بەتایبەتی لەسوریا کە سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە لەسەر ئاستی جیهانی، بەڵام لەدەیان ساڵی ڕابردوودا خۆشگوزەرانی بەدەست نەهێناوە، چونکە چەندین ناکۆکی و جەنگ و هەندێک حاڵەتی خراپ هەڵسوکەوت و لێک تێنەگەیشتنی بەخۆوە بینیو لەبەشێکی ناوچەکە، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەو دۆخە کرد کەدانیشتوانی غەززە و گەلی فەلەستین بەگشتی ڕووبەڕووی بوونەتەوە و جەختی لەپێویستی گەیشتن بەچارەسەرێکی کۆتایی و هەمیشەیی بۆ دۆخی فەلەستین کردەوە.
بەڕێزیان ئاماژەی بەبارودۆخی لوبنان و بەشێک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا کرد کەناوچەیەکی گرنگە و جەختی لەوە کردەوە کەپێشوازی لە پێشهاتەکانی سوریا دەکات و ئاماژەی بەوەدا کەدەمانەوێت سوریاییەکی دیموکراتی ببینین بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیانی سوریا بتوانن بەشداری لەپرۆسەی بڕیاردان لەوڵاتەکەیاندا بکەن و ڕوونیکردەوە کەعێراق نوێنەرێکی ناردووە بۆ لای ئیدارەی سوریا و پەیوەندییەکان بەردەوامن ،ئێستا عێراق بە وریاییەوە چاودێری هەر پێشهاتێکی نوێ دەکات و داوامان ئەوەیە کە ئیدارەی سوریا نوێنەرایەتی هەمووان بەگشت پێکهاتەکانی وئایینزا و نەتەوەکانیەوە بکات، بەشێک لەو نەتەوانە قەبارەیەکی گەورەیان هەیە و دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت چونکە هەندێک ناوچە لەسوریا هەن لەژێر کۆنتڕۆڵی ئیدارەی نوێدا نین.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە کە سوریا ئارامی بەدەست بهێنێت و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەدەستیانەوە دەناڵێنێت و جەختی لەوە کردەوە کەعێراق چاودێری بارودۆخی داهاتووی سوریا دەکات و بەدواداچوونی بۆ دەکات.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوه کردەوه کەعێراق پێشوازی لەهەڵبژاردنی حکومەتی نوێ له لوبنان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکات بەڵام چەند ناوچە و وڵات لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن کەهێشتا پێویستیان به هاوکاری هەیه بۆ ئەوەی گەلانیان بتوانن ئایندەی خۆیان دیاری بکەن.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کەعێراق توانیویەتی بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە و لەناوی ببات و هەمووان دەزانن کەئێمە بەدەست تیرۆری ڕێکخراوەکانی داعش و گروپەکانی ترەوە دەمانناڵاند و ئێستا عێراق لە تیرۆر پارێزراوە، بەڵام دەبینین چەند ناوچەیەک لەدەرەوەی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستانە لەسەر سنووری عێراق و سوریا و نابێت ڕێگە بدەین ئەو گروپانە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەبکەن و هێرش بۆسەر عێراق و سوریا بکەن، بەڵام نامانەوێت دەست لەبڕیاری سوریا و کاروباری هیچ وڵاتێکی ناوچەکە وەربدەین و دەبێت گەلی سوریا بڕیار بدات لەداهاتووی خۆی.
سەرۆک کۆمار دوپاتی لەوە کردەوە کەعێراق دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و گەلی عێراق خۆی بڕیار دەدات و ڕێگە نادەین دەستوەردان لە کاروباری عێراق بدرێت و پەیوەندییەکی باشیشمان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە و سیاسەتمان لەعێراقدا زۆر ڕوونە و پەیڕەوی دەستوورمان دەکەین کە عێراق لەهەر دەستێوەردانێکی دەرەکی دەپارێزێت و دەبێت هەموو وڵاتان مامەڵە لەگەڵ ئەم پرەنسێپە بکەن و هەر دەستتێوەردانێک لەبڕیارە سیاسییەکانمان و شێوازی ژیانمان قبوڵ ناکەین، بەڵکو ئێمە بڕیار دەدەین چی بۆ عێراق گونجاوە.
بەڕێزیان ڕوونیکردەوە کە لەعێراقدا ماوەیەکی زۆرە بەدەست جەنگ و ئاژاوە و ئابڵۆقە و داگیرکاری و تیرۆریشەوە دەماناڵاند، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم لەماوەی پێنج شەش ساڵی ڕابردوودا عێراق توانی سەقامگیری بەدەست بهێنێت و ئێمە ئاشتیمان لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا جێگیر کردووە و هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدەین و پەرلەمانێکی نوێمان هەڵبژاردووە کەحکوومەتی پێکهێناوە و نوسینگەیەکی سەرۆکایەتیمان هەیە کەسەرۆک سەرۆکایەتی دەکات وهەروەها سیستمێکی یاساییمان هەیە کەیاساکان تایبەت بەعێراق دەردەکات، ئێمە لەعێراق بڕوامان بە دابەشکردنی دەستەڵات هەیە لە نێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی گەلدا، لەڕێگای هەڵبژاردنەوە، ئەوەش رێگا بۆ سەقامگیری لەوڵاتدا خۆش دەکات.
ئێمەش خزمەتگوزاری پێشکەش بەگەل دەکەین و هەوڵ دەدەین ژێرخانی ئابورییمان باشتر بکەین لەهەمان کاتدا بەخۆشحاڵییەوە دەڵێم کە هەموو پارێزگاکانی وڵات ئێستا شاهیدی جۆرێک لە گەشەسەندنن و گەیشتوونەتە ئاستێکی باش لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانیان.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، کەئێمە زۆر ئازارمان چەشتووە و بووبوینە سەردێڕی مانشێتی ڕۆژنامەکان،بەڵام نەک بۆ باسکردن لە دەستکەوتەکانی عێراق ، بەڵکو لەسەر کێشەکانی، ئەمڕۆ پێشوازی لە هەموو ئەو گرنگیدانانە دەکەین کەعێراق لەژێر ڕۆشنایی ئەو دەستکەتانەی کە بەدەستی دەهێنێت و داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەین بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا بکەن.
بەڕێزیان دووپاتی کردەوە کە ئابووری عێراق زۆر بەهێزە، بەڵام پێویستمان بەهاوکاری دەرەکی هەیە لەبواری وەبەرهێنان، تەکنەلۆجیا، یان هەر بوارێکی دیکەی پەیوەست بەباشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و دەستە بەرکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ گەلی عێراق.
