یونامی: نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە خواستەکانی بەرەو سەروەری یاسا
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) جەختی لە گرنگی دڵنیابوون لەوەی چاکسازییە یاساییەکان هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی عێراقدا کردەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە خواستەکانی بەرەو دەوڵەتی یاسایی.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەدواداچوون بۆ دوایین پێشهاتەکان دەکات سەبارەت بە پەسەندکردنی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، لەگەڵ ژمارەیەک یاسای گرنگی دیکەدا.
وتیشی: هەر بۆ ئەم مەبەستە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جەخت لەسەر گرنگی دڵنیابوون دەکاتەوە لەوەی چاکسازییە یاساییەکان لەگەڵ پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی عێراقدا بگونجێت،بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە پاراستنی ماف و خۆشگوزەرانی ژن و منداڵان، بەشێوەیەک کە لە ئاست و خواستەکانی گەلی عێراقدا بێت، و قازانج و دەستکەوتە مێژووییەکان بپارێزێت".
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "پەیوەندییەکی بەرفراوانمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقدا کردووە، هەروەها جەختمان لەسەر پێویستی ئەنجامدانی دیالۆگێکی بنیاتنەر و هەمەلایەنە کردووەتەوە لەوبارەیەوە.و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان لەم ئاراستەیەدا، نەتەوە یەکگرتووەکانیش پاڵپشتی خواستەکانی عێراق دەکات بەرەو دەوڵەتی یاسا و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ”.
