مەشهەدانی: عێراق شاهیدی بەرجەستەبوونێكی راستەقینە و واقیعی پرەنسیپە دیموكراسیەكانە
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران مەحمود مەشهەدانی، تەئكیدیكردەوە: عێراق شاهیدی بەرجەستەبوونێكی راستەقینە و واقیعی پرەنسیپە دیموكراسیەكانە، و وتیشی: هەمووان وەك (سەمامی ئەمان) و چەترێك سەیری دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەكەن و هەمووان پابەندن بەو بڕیارانەی دەریدەكەن.
نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمان لە بەیاننامەیەكدا بڵاویکردەوە: ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران مەحمود مەشهەدانی، سەردانی دادگای باڵای فیدراڵی كرد و لەگەڵ سەرۆكی دادگا جاسم عومەیری كۆبووەوە، و تیایدا دۆسیەی پەسەندكردنی یاساكان لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووری تاوتوێ كرا.
مەشهەدانی جەختیكردەوە: كە هەمووان وەك (سەمامی ئەمان) و چەترێك سەیری دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەكەن و هەمووان پابەندن بەو بڕیارانەی دەریدەكەن، و وتیشی: عێراق شایەتحاڵی بەرجەستەكردنی راستەقینە و واقیعی و بنەما دیموكراسیەكانە، چونكە نوێنەرانی گەل هەندێك جار پەنا بۆ دادگای فیدراڵی دەبەن بۆ بەكارهێنانی مافی خۆیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هەندێك یاسا و بڕیار بە شێوەیەكی دیموكراسی و لە چوارچێوەی یاساییدا.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەموو كەسێك پابەندە بە بڕیارە دادوەرییەكان و ئەوەی كە لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە دەردەچێت.
