رەشید وحەکیم جەخت لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵ و دیدگا و کاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان دەکەنەوە
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید وعەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختیان لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵ و دیدگا و کاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی کردەوە.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە 5-2-2025 لەگە عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.
لە میانی دیدارەکەدا بارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی و هەڵوێستی عێراق لەوبارەیەوە تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵ و دیدگا و کاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی کە ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە لە ئەنجامی گۆڕانکاریی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بە شێوەیەک کە یەکێتی و سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت.
هەر لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پابەندبوون بە دەستوور و یاسا لە پێناو پاراستنی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و خزمەتکردنی خەڵک و بەدیهێنانی دادپەروەری.
