بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید پەیامی سەرخۆشی بۆ گیان لەدەستدانی وریا حەمەکەریم دەنێرن
هەرەیەکە لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پرسەو سەرخۆشیان ئاڕاستەی کەسوکاری ڕۆژنامەنووس وریا حەمەکەریم کرد، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆ گیانی سپارد.
بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆچی دوای رۆژنامەنووس وریا حەمەکەریم ڕایگەیاندووە، "لە دڵەوە غەمباربووم بۆ لەدەستدانی کاک وریا حەمەکەریم".
سەرۆکی یەکێتیی لە پەیامێکی هاوخەمی ڕایگەیاندووە، لەدڵەوە نیگەران و غەمباربووم بە کۆچی دوایی ناوەختی رۆژنامەنووس کاک (وریا حەمەکەریم) کە لە رووداوێکی دڵتەزێندا گیانی سپارد، بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان بە کەسوکار و بنەماڵە و خانەوادە سەربەرز و قوربانی بەخشەکەیان و رۆژنامەنووسان و هاوڕێیانی دەکەم و بەشداریی ماتەمیانم، "لەخوای گەورە داواکارین گیانی رۆژنامەنووسی بە ئەزموون و خۆشەویست کاک وریا بە بەهەشتی بەرین شادبکات، سەبووری و ئارامی بەهەموولایەک ببەخشێت".
هەروەها شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێک نوسیویەتی، خانەوادە و کەس و کاری کاکە وریای ئازیز، رۆژنامەنووسانی کوردستان، کەناڵی ئێن ئار تی، بەیانی ئەمرۆ هەواڵی کۆچی کاکە وریا تاساندمی و لە ناخی دڵەوە غەمبار و بێتاقەتی کردم.
بەڕێزان، کاکە وریا کەسێکی چالاک و رۆژنامەنوسێکی دیاری کوردستان بوو، کۆچی ئەو ئێمە و هەموو هاوڵاتیانی نیگەران و دڵتەنگ کرد، داوا لە خودای گەورە دەکەم بە بەهەشتی بەرینی شادبکات و سەبووری ئێمە و کەسوکار و تەواوی هاوڕێیانی بدات.
لەکاتێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕۆژنامەنووس وریا حەمەکەریم بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێن گیانی لەدەستدا.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، ڕۆژنامەنووس و میدیاکار وریا حەمەکەریم بەهۆی ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای سەرەكی نێوان سلێمانی - عەربەت گیانی لەدەستدا.
لە رووداوێکی سەختی هاتووچۆدا کاتژمێر 5:30 بەیانی لەسەر رێگای عەربەت - سلێمانی پێشکەشکار و رۆژنامەنووسی دیاری کەناڵی ئێن ئاڕ تی، وریا حەمەکەریم کۆچی دوایی کرد.
