سودانی جەختیکردەوە لەگرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و دیالۆگی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی چارەسەری قەیرانەکان
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەگرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و دیالۆگی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی چارەسەری قەیرانەکان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشوازی کرد لە جێگری سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی محەمەد جەواد زەریف و شاندی یاوەری.
وتیشی لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا خرانەڕوو، جگە لە تاوتوێ کردنی دوایین پێشهاتەکانی سەر ئاستی ناوچەکە و گرنگی هەماهەنگی هەڵوێست و هەنگاوەکان بۆ پشتیوانی کردن لە ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتی.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش، لە بەرامبەر ئەو ئاستەنگ و پێشهاتانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت، و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و دیالۆگی هاوبەش لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ ئەو پرس و قەیرانانەی کە ناوچەکە بەدەستییەوە دەناڵێنێت و دەستەبەرکردنی مافی گەلان.
لە لای خۆیەوە زەریف سڵاوی سەرۆک کۆماری ئێران مەسعود پزیشکیانی گەیاند سودانی و جەختی لەسەر گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری کردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهات و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان.
