دوای زیاتر لە 28 ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی دەدۆزرێتەوە.. چیرۆکی گەنجێکی ڕاپەرین
سەیفوڵڵا حوسێن دانیشتووی شارۆچکەی سەرچاوە لەسنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، دوای 28 ساڵ لە دیارنەمانی و بێسەروشوێنبوونی لە ئەفریقا دۆزرایەوە، سەیفوڵڵا کە لە ساڵی 1996ـەوە بێسەروشوێن بوو، دوێنێ پێنجشەممە کاتژمێر چوار گەیشتە فڕۆکەخانەی سلێمانی و دواجار گەڕایەوە لای خانەوادەکەی و کەسوکارەکەی.
سەیفوڵڵا حوسێن کە دانیشتووی شارۆچکەی سەرچاوە لە ساڵی 1996 ڕاپەرینی جێهێشتبوو، لە ساڵانێکدا کە پەیوەندی زۆر سنووردار بوو، مۆبایل و هێڵی ئینتەرنێت نەبوو و کاتێک ڕۆیشت نەیتوانی پەیوەندی بەهیچ ئەندامێکی خێزان و هاوڕێکانیەوە بکات و خێزان و کەسوکارەکەی بە درێژایی ساڵانی دوای دیارنەمانی، هیچ هەواڵێکیان لەسەر نەبیستووە.
سەیفوڵڵا حوسێن دەڵێت: "لە ماوەی ساڵانی ونبوونی لە چەندین بەندیخانە لە چەند شوێنێکی جیاوازی ئەفریقا زیندانی کراوە وەک لە وڵاتانی سۆماڵ و کینیا و ئۆگەندا" و سەرەڕای گۆشەگیری سەپێنراوە بەسەر سەیفوڵڵا توانیویەتی پێنج جار پەیوەندیی بە هاوڕێکانی بکات لەنێوان ساڵانی 1996 و 2004، کە هاوڕێکانی لە ئەورووپا نیشتەجێ بوون.
لەم دواییانەدا، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە رێکخراوێکەوە پێگەیشت کە پێی ڕاگەیاندوون، سەیفەوڵڵا هێشتا زیندووە و لە زیندانەکانی کینیا دەستبەسەرکراوە.
دواجار دوای 21 ساڵ لە پچڕانی هەوڵی و 28 ساڵ لە بێسەروشوێنبوون، سەیفوڵڵا حوسێن توانی بۆ یەکەمجار پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات و بڕیاریدا بگەڕێتەوە کوردستان و لەلایەن خێزان و کەسوکاری دوێنێ چوارشەممە 19ـی شوباتی 2025، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێشوازی لێکرا و گەڕایەوە بۆ کەسوکاری.
سەیفوڵڵا حوسێن لە لێدوانێکی دەڵێت: ماوەی 21 ساڵە بێ سۆراخ بوومە و لەچەندین وڵاتی ئەفریقا و ساڵێک لە ئیمارات زیندانی کرابووم.
هەروەها دەشڵێت: " لەنێوان ساڵانی 1996 و 2004 پێنج هاوڕێى زۆر خۆشەویستم ئاگادارکردەوە کە من لە گرتووخانەم، بەڵام بە ماڵەوەیان نەگوتووە".
دیارنەمان و بێسەروشوێنبوونی سەیفوڵڵا حوسێن دوای ئەوە دێت کە لە ساڵی 1996 هەوڵی داوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی کۆچ بکات بۆ ئەورووپا بەڵام قەدەر ڕێگەی نەداوە و ماوەی ساڵانێک بوو لە وڵاتانی ئەفریقا زیندانی کرابوو، سەیفوڵڵا حوسێن دوای شادبوونی بە خێزانەکەی دەڵێت: "لەوپەڕی خۆشیدام و وادەزانم تازە لەدایکبوومەتەوە".
سەیفوڵڵا حوسێن لەبارەی مانەوەی لە زیندانەکان لەو هەموو ساڵەدا گوتوویەتی: "خۆم سەرقاڵ کرد بە قورئان خوێندن ئەگینا شێت دەبووم".


