سودانی و وەزیری ناوخۆی ئێران تاوتوێی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان وبەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەسکەندەر موئمنی تاوتوێی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان وبەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، پێشوازیکرد لە وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەسکەندەر موئمنی.
ڕاگەیەندراوەکە وتیشی"لە دیدارەکەدا تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش کرا، لەوانە ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان، هەروەها هاوکاری لە بواری بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و هەماهەنگی لە کاری دەروازە سنوورییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری.
وتیشی لە بەشێکی تری دیدارەکەدا تاوتوێی ڕێوشوێنەکانی ئاسانکاری کردن کرا، بۆ زیارەتکارانی ئێرانی بۆ مەزارگە پیرۆزەکانی عێراق، جەخت لەسەر چالاککردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ئێران کرایەوە، سەبارەت بە دانپێدانان بە مۆڵەتی شۆفێری نێوان هەردوو وڵات.
