ڕیکلامی “مێراچی” بەحیجاب کردنی تاوەری ئیڤڵ مشتومڕێکی بەرفراوان لە فەرەنسا دروست دەکات
مارکەی هۆڵەندی "مێراچی" مشتومڕێکی بەرفراوانی لە فەرەنسا بەدوای خۆیدا هێنا بە بانگەشەکردنی ڕیکلامێک بۆ تاوەری بەناوبانگی ئیڤڵ کە حیجاب لەبەردا بوو.
ئەو ڕیکلامە بەشێک بوو لە هەڵمەتێکی لایەنگری حیجاب، و ئامانجی پەرەپێدانی ئازادی لەبەرکردنی حیجاب بوو، بەڵام بەشێک لە سیاسەتمەدارانی فەرەنسی توڕەکرد، کە بە "مەترسیدار و پێچەوانەی بەهاکانی فەرەنسی"یان زانی.
مێراچی ڤیدیۆی ڕاگەیاندنەکەی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە و بەم کۆمێنتە دەڵێت: "تاوەری ئیڤڵ بینراوە کە مێراچی لەبەردایە، ان شاءاللە! پێدەچێت تازە پەیوەندی بە کۆمەڵگەی مۆدەی بێگەردەوە کردبێت."
لیزێت بۆلێت، پەرلەمانتاری فەرەنسی لە پارتی ڕاستڕەوی گردبوونەوەی نیشتمانی، ئەو ڕاگەیاندنەی بە سووکایەتیکردن بە "بەها و میراتی دیموکراسی فەرەنسا" وەسفکرد.
جیرۆم بویسۆن، پەرلەمانتاری هەمان پارتی سیاسی ڕاستڕەو هەستی هاوشێوەی دەربڕی و ڕاگەیاندنەکەی بەم شێوەیە وەسفکرد: "پڕۆژەیەکی سیاسی ترسناک و ئیستفزازییەکی قبوڵنەکراوە".
لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا ستایشی ئەو ڕاگەیاندنەیان کردووە و بە هەنگاوێکی داهێنەرانە و درەوشاوەی بازرگانی وەسفیان کردووە.
لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە فەرەنسا قەدەغەکردنی حیجاب لەبەرکردنی خوێندکارانی جێبەجێکردووە، هەروەها لەبەرکردنی عەبایە لە دامەزراوە پەروەردەییەکان قەدەغە دەکات.
