حکومەتی غەززە: لە سەرەتای دەستپێکردنی جینۆسایدەوە ژمارەی شەهیدانی ڕۆژنامەنووس بۆ ٢٠٧ کەس بەرزبووەتەوە
نوسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە کەرتی غەززە ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ژمارەی کوژراوانی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی بۆ ٢٠٧ کەس بەرز بووەتەوە.
نوسینگەی حکومی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دوای ڕاگەیاندنی شەهیدبوونی ڕۆژنامەنووس محەمەد مەنسوور، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی فەڵەستین تودەی، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی جینۆساید لە کەرتی غەززە، ژمارەی شەهیدانی ڕۆژنامەنووس بۆ ٢٠٧ کەس بەرزبووەتەوە.
نووسینگەکە "بەئامانجگرتن و کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە" ئیدانە کرد و داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگا ڕۆژنامەوانییەکان لە سەرانسەری جیهان کرد "ئەم تاوانە سیستماتیکانەی دژ بە ڕۆژنامەنووسانی غەززە ئیدانە بکەن".
هەروەها "ئیسرائیل و ئیدارەی ئەمریکا و وڵاتانی هاوبەشی تاوانی جینۆساید، وەک شانشینی یەکگرتوو، ئەڵمانیا و فەرەنسا، بە تەواوی بەرپرسیارێتی لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە دڕندانەیە" زانی.
داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە "فشاری کاریگەر بۆ ڕاگرتنی جینۆساید و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و پیشەییەکانی میدیا لە غەززە" بخەنەگەڕ.
