محەممەدی حاجی مەحموود لەگوڵەخانە لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق کۆدەبێتەوە
محەممەد حاجی مەحموود پێشوازی لە سەرۆک کۆماری عێراق دەکات.
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کارگێرانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە گوندی گوڵەخانەی بناری سورێن لە میوانخانەی ئاشتی پێشوازیان كرد لە دكتۆر لەتیف رەشید سەرۆک كۆماری عێراق.
لە دیدارەكەدا بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پارتی سۆسیالیست، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان كرا، کاکە حەمە، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی كوردستان وێڕای سوپاسی سەرۆككۆمار داوای كرد كە وەک سەرۆككۆمار ڕۆڵی كاریگەری خۆی لە چارەسەری كێشەی ڕیشەیی مووچەو مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان ببینێت، هەروەها محەممەد حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی كوردستان جەختیكردەوە کە پێویستە سەركردە سیاسییەكانی عێراق لە ئاستی مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدابن.
لەلای خۆیەوە، سەرۆك كۆمار ڕۆڵی محەممەد حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی كوردستانی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گرنگ وەسف كرد و خوازیاری بەردەوامی بینینی ڕۆڵی خۆیان كرد بۆ یەكڕیزی نێوماڵی کورد.
