لە هەولێر کەسێک زێڕی دایکی بردووە و ماڵەکەیان سوتاندووە
پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە کە لە گەڕەکی هەولێری نوێ ڕووداوێکی سووتان و هەڵکوتانەسەر ماڵێک ڕووی داوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداو و بە گوتەی خاوەن ماڵەکە، کەسێک هاتووەتە سەر ماڵیان و دزی لێکردوون و لە ئافرەتی ماڵەکەی داوە و پاشان ماڵەکەی سووتاندووە.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، پاش لێکۆڵینەوەکان، بۆمان دەرکەوت کە تۆمەتبار کوڕی ماڵەکەیە و دوای ئەوەی ماڵەکەی سووتاندووە و لەدایکی داوە و ملوانکەی زێڕی ملی دایکی پچڕاندووە و دزیویەتی، پاشان لە کۆڵانی خۆیان داوای هاوکاریی کردووە کە ماڵەکەیان سووتاوە، بۆ ئەوەی تاوانەکەی بشارێتەوە، بەڵام لەماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێرێکدا تۆمەتبار ئاشکرا کرا.
لەئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەی لێکۆڵینەوە دەستگیر کراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و دانیشی بە تاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەش بەردەوامە.
