وەزیرى دەرەوەى ئوردن بۆ هاوتا عێراقییەکەى: ئەو گرتە ڤیدیۆییانەى لەبارەى یاریی عێراق و فەڵەستین بڵاوکراونەتەوە هەڵبەستراون
ئەیمەن سەفدى، وەزیرى دەرەوەى ئوردن، پەیوەندى بە فوئاد حسێن، هاوتا عێراقییەکەى دەکات و دەڵێت، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەى لەبارەى یاریی عێراق و فەڵەستین بڵاوکراونەتەوە هەڵبەستراون.
لە راگەیەندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق دا هاتووە، لە راگەیەندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق هاتووە، "هەر دوو وەزیر باسیان لەو هەوڵە چەواشەکارانە کرد، کە بۆ تێکدانی پەیوەندیی برایەتیی نێوان عێراق و ئوردن دەدرێن، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیی هەڵبەستراو بە یاریی نێوان عێراق و فەڵەستین".
وەزیرى دەرەوەى ئوردن گوتوویەتى، "لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستنیشانکردنی کەسانى پشت ئەم هەڵمەتە چەواشەکارییە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەریان بەردەوامن".
لەیاریى نێوان عێراق و فەڵەستین لە میانەى پاڵاوتنەکانى گەیشتن بە مۆندیالى 2026 کە لە عەممانى پایتەختى ئوردن بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە هاندەرانى هەڵبژاردەى فەڵەستین، دروشمى توندیان بەرامبەر هەڵبژاردەى عێراق گوتەوە، ئەوەش نیگەرانیى یاریزانان و هاندەرانى هەڵبژاردەى عێراقى لێکەوتەوە.
لە پاش یارییەکە، کە لە بەرژەوەندیى فەڵەستین بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتایى هات، ئەیمەن حسێن کاپتنى هەڵبژاردەى عێراق داواى لە یەکێتیى تۆپى پێى ئاسیا کرد، لێکۆڵینەوە لەوە بکات، کە چۆن ئەو هاندەرانە، کە هاوڵاتیى ئوردنین هاتوونەتە ناو یاریگاوە هانى هەڵبژاردەى فەڵەستینیان داوە.
