بەرپرسێکی حیزبوڵا لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا کوژرا
ئەمڕۆ سێشەممە، میدیاکانی لوبنان رایانگەیاند کە ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر باشووری بەیرووت ئاماژەی بەوەکرد لە هێڕشەکەدابەرپرسێکی باڵای حیزبوڵا کوژرا .
سوپای ئیسڕائیل لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا لەگەڵ ئاژانسی ئاسایشی نێوخۆی ئیسڕائیل، ئامانجی هێرشەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ "ئامانجمان یەک لە ئەندامانی حیزبوڵا بوو کە لەم دواییانەدا هاوکاریی و رێخۆشکەری بۆ ئەندامانی حەماس دەکرد".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "لەم هێرشەدا ئەحمەد عەلی مەحموود بەدیر کوژراوە کە پەیوەندی بە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراوەوە هەیە، کە بڕیار بوو لەلایەن حەماسەوە ئەنجام بدرێت".
میدیاکانی لوبنان بڵاویان کردووەتەوە، لەو هێرشەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەک برینداری دیکە هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا حیزبوڵای لوبنان کوژرانی ئەو ئەندامەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. هاوکات، جۆزێف عون، سەرۆککۆماری لوبنان لە راگەیەنراوێکدا هێرشەکەی ئیسڕائیلی سەرکۆنە کرد و بە "هەڕەشەیەکی مەترسیدار" ناوی هێنا.
