حکومەت رێنمایی دەدات بە رێكخستنی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بازرگانی جەختیکردەوە کە حکومەت نزیكە لە دەركردنی میكانیزمێك بۆ رێكخستنی هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل.
وتەبێژی وەزارەت محەمەد حەنون، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕاگەیاند: وەرەقەیەكی كاركردن هەیە كە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە لەڕێگەی كۆمپانیای گشتی ئۆتۆمبێلەوە پێشكەشكراوە بۆ ڕێكخستنی میكانیزمی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل،و ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری پەسەندی كردوەو ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد.
وتیشی: وەزارەت چاوەڕوانی دەركردنی ڕێنماییەكانی حكومەتە سەبارەت بە میكانیزمی پێشنیاركراوی جێبەجێكردنی فەرمی.
ئاماژەی بەوەشكرد: وەزارەتی بازرگانی جددییە لە جێبەجێكردنی میكانیزمەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ، وەزارەتی دارایی، و دەستەی گومرگی.
رونیشیكردەوە: ڕێكخستنی پرۆسەی هاوردەكردن كاریگەرییەكی بەرچاوی دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە دێنە ناو عێراقەوە، هاوكات لەگەڵ ڕەچاوكردنی توانای ڕێگاوبانەكانی وڵات و پێشنیازەكە ڕێكخستنی هێنانی ئۆتۆمبێلی كۆن و میكانیزمی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا دەگرێتەوە.
