بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەوانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستداوە
میدیاکانی سەر بە حوسییەکان بڵاویان کردەوە، کە ژمارەیەک کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن کوژراون.
تەلەفزیۆنی "المسیرە"ی یەمەنی رایگەیاند، کە هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ناوچە جیاجیاکانی یەمەنیان کردۆتە ئامانج و شەش کەس بەوهۆیەوە کوژراون.
لای خۆیەوە سەرچاوەکانی ناوخۆی یەمەنی دەڵێن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە زنجیرەیەک هێرشی چڕ بۆ سەر کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی حوسیەکان لە پارێزگاکانی سەعدە و حودەیدە کردۆتە ئامانج.
دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023ـەوە شەڕ لە کەرتی غەززە دەستی پێکردووە، حوسییەکان دەیان هێرشی مووشەکییان کردە سەر ئیسرائیل و دەریای سوور و ئەو کەشتیانەیان کردە ئامانج کە دەڵێن پەیوەندییان بە ئیسرائیل و ئەمریکا هەیە، لە وەڵامدا ئەمریکا بە هاوکاری بەریتانیا دەیان جار یەمەنی بۆردوومانکردووە.
