سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا کشانەوەی وڵاتەکەی لە دادگای نێودەوڵەتیی تاوان راگەیاند
لەکاتی پێشوازییکردنی لە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، کشانەوەی وڵاتەکەی لە دادگای نێودەوڵەتیی تاوان راگەیاند، هاوتا ئیسرائیلییەکەشی پێشوازیی لەو هەنگاوە کرد.
سەرەڕای بوونی فەرمانی دەستگیرکردنی نەتانیاهوو، لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیی تاوان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گەیشتە بودابێستی پایتەخت و لەلایەن هاوتا هەنگارییەکەیەوە پێشوازیی لێکرا.
لە ساڵی 2000ەوە هەنگاریا ئەندامی دادگاکەیە، بەڵام ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانەکەی کشانەوەی لەو دادگایە راگەیاند.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا پاش کۆبوونەوەکەیان، نەتانیاهوو سوپاسی ئۆربانی کرد و گوتی، بڕیاری کشانەوە لە دادگاکە لەلایەن هەنگاریاوە بوێرانەیە و هیوایخواست وڵاتانی دیکەش بەو رێچکەیەدا بڕۆن.
هەنگاریا دادگاکەی بە لایەنداری و نایاسایی لە بڕیارەکانی ناوبرد.
بڕیارە نەتانیاهوو تاوەکو یەکشەممەی داهاتوو لە هەنگاریا بمێنێتەوە، ئەمە دووەم گەشتی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی، لەپاش دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەوە، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی پاردا فەرمانەکە بۆ نەتانیاهوو و یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل دەرکرا و بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی تۆمەتبارکران.
